سەرەڕای ئاگربەست، کوەیت و ئیمارات رووبەڕووی هێرشی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بوونەتەوە
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هەردوو وڵاتی کوەیت و ئیمارات بەرپەرچی شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران دەدەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 08ـی نیسانی 2026، سعود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت، رایگەیاند، لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان رووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی هێرشەکانی ئێران بووەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت، ئاماژەی بەوەش دا، هێزە چەکدارەکانیان توانیویانە بەرپەرچی 28 درۆن بدەنەوە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوون.
ئەوەشی خستە روو، بەشێک لە درۆنەکان دامەزراوە نەوتییە گرنگەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایان لە باشووری کوەیت کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیانی گەورەی ماددی بە ژێرخانی نەوت و وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوتنی ئاو گەیشتووە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای کوەیت، روونیشی کردەوە، تەواوی هەوڵەکانیان بۆ چاودێریکردن و بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە خستووەتە گەڕ.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە ئێستادا سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ئێرانە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، جەختی لەوە کردەوە، ئەو دەنگانەی لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات دەبیسترێن، دەرەنجامی رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکان و درۆنەکانە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە.
ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی 40 رۆژ بەردەوام بوو. فراوانبوونی بازنەی جەنگەکە و ئامانجکردنی وڵاتانی کەنداو و دامەزراوە نەوتییەکان لەلایەن تارانەوە، بەشێک بوو لە پێشهاتەکانی ئەو ململانێیە بۆ دروستکردنی گوشاری ئابووری، بەتایبەتی دوای داخستنی تەنگەی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
مەترسیی وێرانبوونی ژێرخانی وزەی ناوچەکە، وڵاتانی نێودەوڵەتیی هاندا بۆ پەلەکردن لە دۆزینەوەی چارەسەرێک. بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان، ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کردنەوەی هاتوچۆی دەریایی، بڕیاریشە رۆژی هەینی دانوستانی راستەوخۆ لە ئیسلامئاباد بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن دەستپێبکات.