ئێران: یان دەبێت ئاگربەست لە هەموو بەرەکان بێت یان لە هیچ بەرەیەک ئاگربەست نابێت

بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، ئەگەر ئاگربەست گشتگیر نەبێت و بۆ هەموو بەرەکانی جەنگ، تاران هەڵوێستە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی توندتر دەکاتەوە، رایانگەیاند، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا دەکەن، هاوکات هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری توند دەکەن لە بەرانبەر هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، داوای کرد وەک وەڵامێک بۆ هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، دەستبەجێ گەرووی هورمز بە رووی کەشتییەکاندا دابخرێت، گوتیشی: "یان دەبێت ئاگربەست لە هەموو بەرەکان بێت، یان لە هیچ بەرەیەک ئاگربەست نابێت".

لە لایەکی دیکەوە، عەلی بەحرەینی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، هۆشداری دا، بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و کاریگەری دەبێت لەسەر سیستەمی یاسایی گەرووی هورمز.

ئاژانسی "فارس" لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاوی کردەوە، ئێران لە ئێستادا خەریکی هەڵسەنگاندنی بژاردەکانە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی وەکوو وەڵامێکی توند دژی بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل، ئەم بڕیارەی تاران دوای ئەوە دێت، ئیسرائیل توندترین هێرشی ئاسمانی لە ماوەی 10 خولەکدا بە 100 مووشەک بۆ سەر لوبنان ئەنجامدا، هاوکات تاران ئەم جۆرە هێرشانە بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی دەزانێت.

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندووە، رەزامەندی داوە بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکان بۆ سەر ئێران رابگیرێن، ئەوەش دوای وەرگرتنی پێشنیازێکی 10 خاڵی لە تارانەوە کە ترەمپ بە بنەمایەکی کردەیی بۆ دانوستان وەسفی کردووە.

هاوکات، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرای کرد، نزیکەی 15 وڵات کار دەکەن بۆ ئاسانکاری و دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران.

لەمبارەیەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێرانیش بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، ئەگەری هەیە رۆژی پێنجشەممە یان هەینی، گەرووی هورمز بە شێوەیەکی سنووردار و لەژێر چاودێری سوپای ئێراندا بکرێتەوە.