کۆشکی سپی: ئەو خاڵانەی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، هەمان ئەو خاڵانە نین ئێمە بەدەستمان گەیشتوون

هەرچەندە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئێستا ئاگربەست چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لێدوانە دژبەیەکەکانی هەرسێ وڵات دەریدەخەن کە لەسەر ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە و هەنگاوەکانی داهاتوو، لێکتێنەگەیشتنێکی قووڵ لە ئارادایە. ئەم جیاوازییانە بڕیارە رۆژی هەینی لەسەر مێزی دانوستان لە ئیسلام ئاباد یەکلا بکرێنەوە، لە کاتێکدا کە هیچ گەرەنتییەک نییە ئەم جەنگە بە راستی کۆتایی هاتبێت.

گەورەترین خاڵی جێناکۆک، گەرووی ستراتیژیی هورمزە. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند گەرووەکە کراوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران بە وریاییەوە دەڵێت: "هاتووچۆی کەشتییەکان دەبێت بە هەماهەنگیی سوپای ئێران بێت و ژمارەیان سنووردار دەبێت." هاوکات میدیاکانی تاران باس لە وەرگرتنی سەرانە یان باج دەکەن لە کەشتییەکان، کە ئەمەش نیگەرانییەکی جیهانیی دروست کردووە.

ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا بۆ کەناڵی ABC ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە ئەمریکا و ئێران بە هاوبەشی سیستەمێکی وەرگرتنی باج لە گەرووەکەدا بەڕێوەبەرن، کە ئەمەش لایەنە توندڕەوەکانی واشنتنی تووشی شۆک کردووە.

لێکترازانێکی تری گەورە پرسی لوبنانە. پاکستان و ئێران رایانگەیاند، ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە، بەڵام ئیسرائیل بە توندی ئەمەی ڕەتکردەوە و هێرشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە چڕتر کردەوە. کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، پشتڕاستی کردەوە کە لوبنان بەشێک نییە لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران.

سەبارەت بە بنەمای دانوستانەکان، ئاڵۆزییەکی زۆر هەیە. تاران پێشنیازێکی 10 خاڵیی بڵاوکردەوە و گوتی ئەمریکا قبووڵی کردووە وەک: مافی پیتاندن و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سزاکان، بەڵام ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەرپرسانی ئێرانی بە "ناڕاست" ناوبرد و گوتی وا نییە. هەروەها ترەمپ لە نوێترین پەیامیدا لە تروس ئاماژەی بە پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا کرد و جەختی کردەوە: "هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆم قبووڵ ناکرێت و دەبێت تەواوی کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێران دەربهێندرێن."

هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو پلانە 10 خاڵییەی لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئاگربەست بڵاوکراوەتەوە، هەمان ئەو مەرجانە نییە کە کۆشکی سپی بۆ راگرتنی جەنگ لەسەری رێککەوتووە.

سەرەڕای ئاگربەست، لە 12 کاتژمێری یەکەمدا هێرش کرایە سەر دامەزراوە نەوتییەکان لە ئێران، ئیمارات، کوێت و سعوودیە. پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئەمەی بۆ نەمانی کۆنتڕۆڵی تاران بەسەر فەرماندە مەیدانییەکانیدا گەڕاندەوە. جەنەڕاڵ دان کاین، سوپاسالاری ئەمریکا، رایگەیاند ئەم ئاگربەستە تەنیا وەستانێکی کاتییە و سوپا ئامادەیە لە هەر چرکەیەکدا دەست بە هێرش بکاتەوە. لە بەرامبەریشدا سوپای پاسداران ڕایگەیاند: "دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە و ئامادەی وەڵامدانەوەی توندترین.