ئەردۆغان بۆ ترەمپ: لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە بەردەوام دەبین

سەرۆککۆماری تورکیا، پێشوازی لە ئاگربەستی ناوچەکە کرد و جەختی لە رۆڵی وڵاتەکەی و وڵاتانی دۆست وەک پاکستان کردەوە لە چەسپاندنی ئاشتییدا.

چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دا.

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا باسیان لە پێشهاتە هەنووکەییەکانی ناوچەکە کرد، بە تایبەتی پرسی ئەو ئاگربەستەی کە لە شەوی رابردووەوە سەبارەت بە دۆخی ئێران راگەیەندراوە.

سەرۆککۆماری تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە راگەیاندنی ئاگربەستەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، کە دوای تێپەڕبوونی 40 رۆژی زۆر سەخت و پڕ لە نەهامەتی بۆ جیهان، ئێستا دەرفەتی دوو هەفتەیی هەیە.

ئەردۆغان جەختی کردەوە، کە دەبێت ئەم دەرفەتە بە باشترین شێوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی هەمیشەیی بقۆزرێتەوە و نابێت رێگە بدرێت هیچ لایەنێک پرۆسەکە تێک بدات.

هاوکات ئەردۆغان تیشکی خستە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و رایگەیاند: کە وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ پاکستان و وڵاتانی دۆست و برا، پاڵپشتییەکانی بۆ ئەم پرۆسەیە زیاتر دەکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.

لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە هەینی داهاتوو 17ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.