ترەمپ: ئەو مەرجانەی رەتکردەوە کە لە میدیاکاندا وەک بنەمای رێککەوتن لەگەڵ تاران بڵاوکراونەتەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەواوی ئەو لیست و مەرجانەی رەتکردەوە کە لە میدیاکاندا وەک بنەمای رێککەوتن لەگەڵ تاران بڵاوکراونەتەوە و جەختی کردەوە کە تەنیا یەک کۆمەڵە خاڵی فەرمی و نهێنی هەیە کە واشنتن لەسەری رازی بووە. بڵاوکەرەوەی ئەو لیست و نامانەی بە "فێڵباز و چەواشەکار ناوبرد و رایگەیاند کە لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لەو بارەیەوە دەستی پێکردووە؛

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێیدا تەواوی ئەو لیست و مەرجانەی رەتکردەوە کە لە میدیاکاندا وەک بنەمای رێککەوتن لەگەڵ تاران بڵاوکراونەتەوە. ترەمپ جەختی کردەوە کە تەنیا یەک کۆمەڵە خاڵی فەرمی هەیە کە ئەمریکا لەسەری رازی بووە و ئەوانیش بە نهێنی دەمێننەوە.

سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی رایگەیاند، ئێستا ژمارەیەکی زۆر رێککەوتننامە، لیست و نامە لە لایەن کەسانێکەوە بڵاو دەکرێنەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە نییە. ترەمپ نووسیویەتی: "ئەمانە کۆمەڵێک فێڵباز و چەواشەکارن و بگرە خراپتریش، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانمان، بە زوویی رووی ڕاستەقینەیان بۆ جیهان ئاشکرا دەبێت."

ترەمپ روونیکردەوە کە تەنیا یەک چوارچێوەی دیاریکراو لە خاڵەکان هەیە کە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان جێگەی قبووڵکردنە و هەر ئەو خاڵانەش بوونەتە بنەما بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی ئێستا. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم مەرجانە زۆر عەقڵانین و لە کاتی دانوستانەکاندا لە پشت دەرگا داخراوەکاندا قسەیان لەسەر دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ پەلاماری توندی کەناڵی (CNN) دا و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە تۆمەتباری کرد. ئەمەش دوای ئەوەی ئەو کەناڵە پشتی بە سەرچاوەیەک بەستبوو بۆ بڵاوکردنەوەی نامەیەک دەربارەی مەرجەکانی رێککەوتنەکە. ترەمپ وتی: "ئەو سەرچاوەیە هیچ دەسەڵات و مۆڵەتێکی نەبووە بۆ نووسینی نامەیەک و بانگەشەی دەسەڵاتی گەورە بکات."