وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران بەشداریی لە دانوستانەکان بە ئاگربەستی لوبنان مەرجدار دەکات
لە نوێترین پێشهاتی دیپلۆماسیدا، تاران نێوەندگیرەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە پرۆسەی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا و پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز، پەیوەستن بە کۆتاییهێنان بە کردە سەربازییەکان لە لوبنان.
چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە حکوومەتی ئێران مەرجێکی نوێی بۆ نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان خستووەتە روو سەبارەت بە بەشداریکردنی لە دانوستانەکانی "ئیسلام ئاباد" لەگەڵ ئەمریکا.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەکە، تاران بە فەرمی نێوەندگیرەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی پاکستان، تەنیا بە مەرجی هێورکردنەوەی دۆخەکە و راگەیاندنی ئاگربەستی گشتگیر لە لوبنان دەبێت.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانییەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەرپرسانی ئێران پەیامێکی توندیان گەیاندووە کە تێیدا هاتووە، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوا رەنگە تاران لە بڕیاری پێشووی خۆی سەبارەت بە "دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز" پاشگەز ببێتەوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی بڕیوەتە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام مەرجە نوێیەکانی ئێران ئاستەنگی نوێ دەخەنە بەردەم دەسپێکردنی گەڕێکی نوێی گفتوگۆ راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.
لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە شەممەی داهاتوو 18ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.