فوئاد حوسێن و عەباس عێراقچی دۆخی ناوچەکە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان تاوتوێ کرد

 فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە ئاگربەست لە ناوچەکە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنانیان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هەردوولا باسیان لە وردەکاریی ئەو گفتوگۆیانە کرد، بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە ئارادان. هەروەها رۆڵی پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکەیان بەرز نرخاند کە هاوکار بوون لە رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ، لەگەڵ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە مەیدانییەکانی لوبنان و لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییەکانی."

بەگوێرەی بەیاننامەکە، هەردوو وەزیر جەختیان لە پێویستی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی تر کردەوە بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکا، تاوەکو حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ ناچار بکات هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان رابگرێت و متمانە بۆ پرۆسەی دانوستان بگەڕێتەوە. لای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران هاوتا عێراقییەکەی لە ئەنجامی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی چەند رۆژی رابردووی ئاگادار کردەوە، بە ئامانجی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە ئەنجامی دابوون.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتیی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەسپێکردنی دانوستانێکی فراوانترە. بەڵام ئەم رێککەوتنە دەستبەجێ رووبەڕووی لێکدانەوەی جیاواز بووەوە، بەتایبەت سەبارەت بەوەی ئایا لوبنانیش دەگرێتەوە یاخود نا.

لەکاتێکدا شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند کە هێورکردنەوەی دۆخەکە "هەموو شوێنێک" دەگرێتەوە، بە لوبنانیشەوە؛ بەڵام واشنتن دواتر جەختی کردەوە کە رێککەوتنەکە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا ناگرێتەوە، ئەمەش هەمان ئەو هەڵوێستە بوو کە جەی دی فانس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دووپاتی کردەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانەدا، ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە یەکێک لە چڕترین شەپۆلەکانی بۆردومانی بۆ سەر لوبنان ئەنجامدا و زیاتر لە 100 پێگەی لە بەیروت، بوقاع و باشووری ئەو وڵاتە کردە ئامانج. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، لەو هێرشانەدا 254 کەس کوژراون و زیاتر لە 1500 کەسی تریش بریندار بوون.