ئەمریکا تاوتوێی کشانەوەی هێزەکانی لە چەند وڵاتێکی ناتۆ دەکات

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکە بۆ سزادانی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناو هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمەش بەهۆی هەڵوێستەکانیان بەرامبەر ململانێکان لەگەڵ ئێران.

پێنجشەممە 9ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پێی وایە هەندێک لە ئەندامانی ناتۆ لە کاتی جەنگی دژ بە ئێراندا بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بێسوود بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، پلانەکە پێشنیاری ئەوە دەکات هێزە ئەمریکییەکان لەو وڵاتانەی ناتۆ بکشێنرێنەوە کە پشتیوانی کارە سەربازییەکانیان نەکردووە و دووبارە لەو وڵاتانەدا جێگیر بکرێنەوە کە پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەکان دەربڕیوە.

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، پلانەکە لە ئێستادا لە قۆناغی سەرەتایی پەرەپێداندایە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە پشتیوانییەکی زۆری لێ دەکرێت، جگە لە گواستنەوەی هێزەکان، ئەگەری داخستنی لانیکەم یەک بنکەی سەربازی ئەمریکا لە ئەوروپا هەیە کە پێشبینی دەکرێت لە ئیسپانیا یان ئەڵمانیا بێت.

لەلایەکی دیکەوە، کارۆلاین لڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، بڕیارە دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆیەکی زۆر راشکاوانە و راستەوخۆ لەگەڵ مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەنجام بدات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو رەخنانەی کە ترەمپ هەمیشە ئاراستەی هاوپەیمانییەکەی دەکات.