خوێندن لە ناو قوتابخانە و زانکۆکاندا دەستپێدەکاتەوە

پۆلێکی خوێندن لە قوتابخانەیەکی ئاکرێ
پۆلێکی خوێندن لە قوتابخانەیەکی ئاکرێ

وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا کۆتایی بە خوێندنی ئۆنڵاین بهێنن و هەفتەی داهاتوو ئامادەبوونی قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندندا ئاسایی دەبێتەوە، هاوکات تاقیکردنەوەکانیش لە کاتی خۆیاندا بەڕێوەدەچن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی رایگەیاند، شەوی رابردوو، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە و ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو و بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی وانەخوێندنی ناو قوتابخانە و زانکۆکان درا.

سەرچاوەکە رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە ئامادەبوونی قوتابیان لە قوتابخانە و زانکۆکان ئاسایی دەبێتەوە، بەم شێوەیەش قوتابیان دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن و رەوتەکە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.

سەبارەت بە تاقیکردنەوەکان، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، تاقیکردنەوەکان لە کاتی خۆیاندا و لە نێو قوتابخانەکان بەڕێوەدەچن. سەبارەت بە مافی بەشداریکردنی قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە تاقیکردنەوەکاندا، بە هەمان شێوازەکانی رابردوو دەبێت.

هەروەها روونیشی کردەوە، هەردوو وەزارەت رەچاوی ئەم دۆخەی ئێستا دەکەن و ئەگەر دۆخەکە ئاسایی بێت، ئەوا رەوتی خوێندن بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام دەبێت، لە ئەگەری بوونی هەر رووداوێکی نەخوازراویشدا بڕیاری پێویست دەدرێت.

لە کۆتایی مانگی ئاداری رابردوو، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی بواری ئاسایشی ناوچەکە و سەرهەڵدانی ململانێکان، وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا وانەخوێندنی ناو پۆل رابگرن.

 لەو ماوەیەدا رەوتی خوێندن بە شێوازی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی لە رێگەی پلاتفۆرمەکان و تەلەڤزیۆنی پەروەردەییەوە بەردەوام بوو. 

ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و مامۆستایان بوو لەو دۆخەدا. ئێستاش دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی سەقامگیری، بڕیاری ئاساییکردنەوەی خوێندن درا بۆ ئەوەی زیان بە ساڵنامەی خوێندن نەگات