نێتبلۆکس: دوای 88 رۆژ لە پچڕانی ئینتەرنێت لە بەشێکی ئێران گەڕایەوە
رێکخراوی "نێتبلۆکس" بۆ چاودێریی باری ئینتەرنێت لە جیهان رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی 88 رۆژ بەسەر پچڕانی هێڵەکانی گەیاندن لە ئێران، ئینتەرنێت لە بەشێکی ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە گەڕاوەتەوە.
نێتبلۆکس کە چاودێریی ئاسایشی ئینتەرنێت و فەرمانڕەوایی تۆڕەکان دەکات، لە نوێترین راپۆرتیدا پشتڕاستی کردەوە، کە پێوەرە زیندووەکانیان چاکبوونەوەی بەشێکی پەیوەندیی ئینتەرنێتیان لە ئێران تۆمار کردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بۆ ماوەی 2093 کاتژمێر، ئەو وڵاتە لە گۆشەگیرییەکی تەواوەتی و دابڕانێکی سەرتاسەریدا بوو لە تۆڕە نێودەوڵەتییەکان.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئەم پچڕانەی ئێران بە "درێژترین بڕانی سەرتاسەریی ئینتەرنێت لە مێژووی هاوچەرخدا" دادەنرێت.
سەبارەت بە بەردەوامیی هێڵەکان، نێتبلۆکس گومان دەخاتە سەر جێگیربوونی دۆخەکە و رایگەیاندووە "هێشتا روون نییە ئایا ئەم گەڕانەوەیەی ئینتەرنێت بەردەوام دەبێت و جێگیر دەبێت، یان جارێکی دیکە هێڵەکان تووشی پچڕان دەبنەوە."
ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد رەزا عارف، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، حکوومەت دەستی کردووە بە گرتنەبەری رێکارە سەرەتاییەکان بۆ گەڕاندنەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت، کە لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی گرژی و شەڕ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە شێوەیەکی نزیک لە سەرتاسەری پچڕابوو.