لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 4 هەزار هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆکان رەخسێنراوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە رێگەی سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کار لە زانکۆکانی کوردستان، توانراوە چوار هەزار و 100 دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەتدا بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕەخسێنرێت.
ئەم گوتەیەی وەزیری خوێندنی باڵا لە میانی سەردانێکیدا بۆ دەڤەری بادینان و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک هات.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک کورتەیەکی لەسەر دەستکەوتەکان، پێشکەوتنە زانستییەکان و پڕۆژەکانی زانکۆکە وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردستان خستەڕوو.
لەلایەن خۆشییەوە، ئارام محەمەد قادر جەختی لەسەر گرنگیی ئەم جۆرە زانکۆیانە کردەوە و رایگەیاند، "ئەرکی سەرەکیی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بریتییە لە پێگەیاندنی کادری تەکنیکی و پیشەیی بۆ بازاڕی کاری کوردستان، هاوکات لەگەڵ بەستنەوەی ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکانی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕەوە."
وەزیری خوێندنی باڵا کارەکانی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی بەگشتیی و زانکۆی دهۆکی بەتایبەتی بەرز نرخاند و پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ پڕۆژەکانیان و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان دەربڕی.
ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا خرایەروو، پرۆسەی دابینکردنی هەلی کار بۆ دەرچووان لە رێگەی زانکۆکانەوە ساڵ بە ساڵ گەشەی سەندووە، کە ئامارەکان بەم شێوەیەن، لە 2023، 911 هەلی کار رەخسێنراوە، لە 2024، هەزار و 288 هەلی کار و لە 2025یش هەزار و 901 هەلی کار رەخسێنراوە.