یەکێتیی ئەوروپا داوای یەکلاکردنەوەی پرسی گرووپە چەکدارەکان لە ئێران دەکات
یەکێتیی ئەوروپا جەختدەکاتەوە، هەر رێککەوتنێکی داهاتوو لەگەڵ ئێران دەبێت دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان و بەرنامەی مووشەکیی تاران یەکلا بکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ ئەوەدایە هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکرێت، پێویستە پرسی بەرنامەی مووشەکی و گرووپە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچەکە بگرێتەوە و ئەو دوو بابەتە یەکلایی بکرێنەوە.
کایا کاڵاس ئاماژەی بەوەش دا، ئەوروپا نایەوێت هەمان هەڵەی رێککەوتنی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران دووبارە بکاتەوە.
روونیشی کردەوە، هەڵەی گەورەی ئەمریکا و ئەوروپا لەو کاتەدا ئەوە بوو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەشداری پێ نەکرد لە رێککەوتنەکەدا.
رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کە بە (بەرنامەی گشتگیری هەنگاوی هاوبەش - JCPOA) ناسراوە، لە نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان واژۆ کرا، بەڵام بەهۆی چەندین خاڵەوە، بەتایبەتی پشتگوێخستنی بەرنامە مووشەکییەکانی تاران و رۆڵی هەرێمیی گرووپە چەکدارەکان، زۆرێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناڕەزاییان لەسەری هەبوو.
ساڵی 2018، ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە. ئێستا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ نوێیەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت بە بەشداریکردنی وڵاتانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی سەرجەم مەلەفە ناکۆکەکان، رێککەوتنێکی بەردەوام و سەقامگیر لەگەڵ تاران بەدەست بهێنێت.