نێچیرڤان بارزانی: پێویستە هەماهەنگیی هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە بەردەوام بێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە، سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەراڵ کیڤن لامبێرد، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا تیشک خرایە سەر دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
نێچیرڤان بارزانی و جەنەراڵ کیڤن لامبێرد، جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کردەوە،، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەدا بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
مەترسییەکانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی داعش، کاریگەری و لێکەوتەکانی شەڕ بەسەر عێراق و ناوچەکەدا، لەگەڵ چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و جەنەراڵ کیڤن لامبێرد بوون.