پێشەوا هەورامانی: رێبازی بارزان میهرەبانییە و نەیارانیشمان مێژوویەکی پڕ لە تیرۆریان هەیە

پێشەوا هەورامانی، ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەری منداڵە شەهید ماچ دەکات. نەیارانیش عەقید هاوکار جاف، لانە و ئامانجیان لەبەردەم منداڵەکانیان تیرۆرکرد.

پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، پێشەوا هەورامانی، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا رەخنەی توندی ئاراستەی ئەو کەناڵ و لایەنانە کرد کە لۆمەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو بۆ پرسەی شەهیدێکی پێشمەرگە و هاوسەرەکەی کە بە غەدر شەهید کرابوون.

هەورامانی لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، "لە کاتێکدا هەولێر لەژێر هەڕەشەی ئەمنیدایە، سەرۆکوەزیران ئەرکی نیشتمانیی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەمە چ پەروەردەیەکە ئەمەندە بێ رەوشتە، کە لە کەناڵە پیس و بۆگەنەکان پەلاماری بدەن و لۆمەی بکەن".

ئەو ئەندامەی پارتی گوتی: "ئەگەر پەروەردەکەت تیرۆرو منداڵ کوشتن بوو، قەڵس دەبیت مەسرور بارزانی منداڵی شەهیدێک لە باوەش بکات، جیاوازییەکە رێک ئەمەیە کاک مەسرور سەری منداڵە شەهید ماچ دەکات و ئێوەش عەقید هاوکار جاف، لانە و ئامانجتان لەبەردەم منداڵەکانیان تیرۆر کرد".

ئاماژەی بەوەش دا، "رێباز و رێگای بارزان میهرەبانیی و دەستماچکردنی دەستی دایکە شەهید و سەری منداڵە شەهیدە، رێگاو رێبازی ئێوەش حەب، کوشتن و تیرۆرە و ئێوە تا ئەبەد سەرتان شۆڕە لەبەردەم شەهیدانی ئەم خاکە."