پاکستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکات

سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختی لەوە کردەوە، کە ئیسلام ئاباد بە شێوەیەکی راستگۆیانە خەریکی هەوڵدانە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ میوانداریکردنی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن.

رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، نووسینگەی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، بە توندی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان سەرکۆنە دەکەین.

بە پێی راگەیەنراوەکە، شەهباز شەریف، جەختی لەوە کردەوە، پاکستان بە شێوەیەکی راستگۆیانە خەریکی هەوڵدانە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، کە میوانداریکردنی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانەدایە کە وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دەیانگرێتە بەر.

بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.

لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە شەممەی داهاتوو 11ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.