فیدان: هیوادارین ئاگربەست بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و لوبنانیش بگرێتەوە
وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە نوێترین لێدوانیدا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی پاکستان کرد بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی و رایگەیاند: کە وڵاتەکەی هەموو توانایەکی دەخاتە گەڕ بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، گوتی: ئەنقەرە بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بە مەبەستی گەیشتن بە سەقامگیرییەکی بەردەوام و گشتگیر لە ناوچەکەدا.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد، کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە دەڕوانێتە پرۆسەی ئاگربەست و هیوادارە ئەم هەنگاوە هەموو ناوچە ئاڵۆزەکان، بە تایبەتی وڵاتی لوبنانیش بگرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێشخەرییەکەی پاکستان دەربڕی، کە پێشنیاری ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی کردووە و گوتی: "ئێمە پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکەین کە ببێتە هۆی راگرتنی جەنگ و خوێنڕشتن، بە تایبەت ئەو دەستپێشخەرییەی لە لایەن پاکستانەوە خراوەتە روو."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، فیدان هۆشداریی توندی دا سەبارەت بە هەڵوێستەکانی ئیسرائیل و رایگەیاند: "دەبێت هەموو لایەک ئامادەکاری بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو رەفتارانەی ئیسرائیل کە ئامانجیان تێکدانی کەشوی دانوستان و دروستکردنی ئاستەنگە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئاگربەستدا."
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگریگرتن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ بەردەوامییان هەیە.
بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.
لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە شەممەی داهاتوو 11ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.