ترەمپ: گەشبینم بە نزیکبوونەوەی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران

سەرۆکی ئەمریکا، گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئێران دەربڕی، بەڵام هاوکات هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی تاران کرد کە شکستهێنان لە گفتوگۆکان باجێکی قورسی دەبێت.

پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی NBCـی رایگەیاند: من زۆر گەشبینم، پێموایە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران لەبەر دەستدایە و زۆر نزیک بووەتەوە." 

جەختی لەوەش کردەوە، کە ئامانجی ئەوان رێگریکردنە لە پەرەسەندنی ململانێکان و دروستکردنی سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.

دەشڵێت: "ئێرانییەکان لە پشت دەرگا داخراوەکاندا بە شێوەیەکی جیاواز لە لێدوانە گشتییەکانیان دەردەکەون، ئەوان زۆر عاقڵانەتر دەدوێن و رەزامەندی لەسەر هەموو ئەو خاڵانە نیشان دەدەن کە پێویستە رەزامەندییان لەسەر بێت."

 بەڵام هۆشداریشی دا کە، "ئەگەر نەگەنە رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ئەوا بارودۆخەکە بۆ ئێرانییەکان زۆر ئازاربەخش دەبێت."

ترەمپ باسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی کرد لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و گوتی: "لەگەڵ نەتانیاهۆ قسەم کرد، پێم گوتووە هێرشەکان بۆ سەر لوبنان کەم بکاتەوە، بۆیە ئەو ئێستا خەریکی هێورکردنەوەی دۆخەکەیە. پێموایە لەم قۆناغەدا پێویستمان بە ئارامیی زیاتر هەیە."

ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئیسرائیل دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی ئاستی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەماهەنگی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ لەم قۆناغە هەستیارەدا.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، بڕیارە شاندێکی دیپلۆماسیی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی (جەی دی ڤانس)ی جێگری ترەمپ، بەرەو وڵاتی پاکستان بەڕێبکەون، ئەمەش وەک بەشێک لە گفتوگۆ ئاستبەرزەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێ چەکدارییەی کە نزیکەی شەش هەفتەیە لە ناوچەکەدا بەردەوامە.