موجتەبا خامنەیی: داوای جەنگ ناکەین، بەڵام دەستبەرداری مافەکانمان نابین
رێبەری باڵای ئێران، جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی خوازیاری جەنگ نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا هیچ سازشێک لەسەر مافە رەواکانی ناکات. ئاماژەی بەوەش کرد، کە گەلی ئێران لە مەیدانەکاندا وەک براوەی راستەقینە دەرکەوتووە.
پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چلەی ماتەمینی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی وڵاتەکە، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد،"پێویستە ئامادەیی گەل لە مەیدانەکاندا وەک چل رۆژی رابردوو بەردەوام بێت."
گوتیشی: "تا ئەم ساتەی ئێستا دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە ئێوەی گەل، سەرکەوتووی راستەقینەی مەیدانەکە بوون."
موجتەبا خامنەیی، رایگەیاند: "سەرەڕای ئەو گورز و زیانانەی لە ئەنجامی "هێرشی دوژمن" بەر وڵاتەکە کەوتووە، بەڵام شوێنکەوتووانی رێبازەکەیان جەنگە سەپێنراوەکەیان گۆڕیوە بۆ داستانێکی نەتەوەیی."
هەروەها جەختی کردەوە، کە گەلی هۆشیاری ئێران، سەرەڕای دەربڕینی خەمێکی قووڵ بۆ لەدەستدانی رێبەرەکەیان، بەڵام ئەم کۆستەیان کردە هەوێنی قارەمانێتی، بە جۆرێک دوژمنی پڕچەک تووشی سەرسامی و بێدەسەڵاتی بووە و ئازادیخوازانی جیهانیش سەرسامن بە خۆڕاگری ئەم گەلە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و چەندین سەرکردەی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.