وۆڵ ستریت جۆرناڵ: شاندی باڵای ئێران گەیشتە پاکستان
وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی گەیشتنە وڵاتی پاکستان؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 10ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە شاری ئیسلام ئاباد لە پاکستان، ئەمەش بە مەبەستی دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە شاندەکەی ئێران لە لایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرۆکایەتیی دەکرێت. ئامانجی ئەم سەردانە گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە پرسە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە و دۆسیەی ناوەکی.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دۆخێکی هەستیاردایە و چاودێران پێیان وایە هەڵبژاردنی پاکستان وەک شوێنی دانوستانەکان، ئاماژەیە بۆ نێوەندگیرییەکی کارا بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن.
بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.
لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە سبەی شەممە 11ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.