نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاسایشی خۆراک لە لوبنان بە خێراییەکی مەترسیدار روو لە تێکچوونە

بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییەکی توندی دا لە تێکچوونی خێرای دۆخی ئاسایشی خۆراک لە لوبنان، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەو وڵاتەدا.

هەینی 10ـی نیسانی 2026، ئەلیسۆن ئۆمان، بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە لوبنان، رۆژنامەنووسانی رایگەیاند: "کاروانەکانی هاوکاریی ئێمە هێشتا لە ناو لوبنان دەجووڵێن، بەڵام ژینگەی کارکردن رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، چیتر ناتوانرێت گەرەنتیی ئاسایش بکرێت، لە کاتێکدا پێداویستییە مرۆییەکان بە خێراییەکی زۆر زیاد دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکوو ئێستا تەنها 10 کاروانی هاوکاری توانیویانە بگەنە 40 بۆ 60 هەزار کەس، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە کاروانەکانی دیکەی هاوکاری بەهۆی ناسەقامگیری و نەبوونی ئاسایشەوە نەیانتوانیوە بگەنە شوێنی مەبەست.

هاوکات، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) رایگەیاندووە، نزیکەی 150 هەزار کەس لە ناوچەکانی باشووری لوبنان گیریان خواردووە و ناتوانن شوێنەکانیان بەجێبهێڵن.

ئەلیسۆن ئۆمان چەند هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم تەنگژەیە دیاری کرد، لەوانە:
1-  پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی خۆراک و ئاستەنگیی گواستنەوە.
2-  نەمانی توانای جوتیاران بۆ چاندنی زەوییەکانیان، بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوور.
3-  بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و پەین لەسەر ئاستی جیهان، کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک هەبووە.

ئەم هۆشدارییەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان پێی ناوەتە قۆناغی مەترسیدار و رۆژانە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان دەکرێت کەبە هۆیەوە سەدان کەس کوژراون و برینداربوون، هاوکات رێگاکانی گەیشتنی خۆراک بۆ ئەو ناوچانەی جەنگ تیایدا بەردەوامە ئاستەنگی بۆ دروست بووە.