رۆژی سێشەممە دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەستپێدەکات

رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، یەکەم کۆبوونەوەی راستەوخۆی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە تەلاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن بەڕێوەبچێت.

هەینی 10ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی تەلەفۆنی لەنێوان باڵیۆزی لوبنان و باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن، بە بەشداری باڵیۆزی ئەمریکا لە بەیرووت ئەنجامدراوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان.

هاوکات رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاماژەی بەوە کردووە، بەرپرسانی هەر سێ وڵات ئەمریکا، ئیسرائیل و لوبنان لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ تاوتوێکردنی رێوشوێنەکانی دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان حکوومەتی لوبنان و ئیسرائیل.

لەلایەکی دیکەوە، چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران هەڕەشەی کشانەوە لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد دەکات و ئەم بابەتەشی بە روونی بە دۆسیەی لوبنانەوە گرێداوە، بە گوتەی شارەزایان، ئەم هەڵوێستەی ئێران رەنگە ببێتە هۆی پەکخستن یان دواکەوتنی دەستپێکی دانوستانەکان.