ئاژانسی هەواڵی فارس: شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی قالیباف گەیشتە ئیسلام ئاباد

شاندی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەد باقر قالیباف و بە یاوەریی وەزیرانی دەرەوە، ئاسایشی نیشتمانی و پارێزگاری بانکی ناوەندی، گەیشتە پاکستان بۆ ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ تیمی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس؛ ئەم کۆبوونەوە مێژووییە کە دوای 39 رۆژ لە جەنگێکی وێرانکەر دێت.

ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی کردووەتەوە، شاندی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 10ـی نیسانی 2026، گەیشتە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان. ئەم سەردانە بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستانێکی یەکلاکەرەوەیە لەگەڵ شاندی باڵای ئەمریکا، کە بڕیارە دوای 39 رۆژ لە جەنگێکی وێرانکەر، ئاییندەی سەقامگیریی ناوچەکە دیاری بکات.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارس، شاندەکەی تاران لە چەندین لیژنەی پسپۆڕی لە بوارەکانی ئەمنی، سیاسی، سەربازی، ئابووری و یاسایی پێکهاتووە. کەسایەتییە هەرە دیارەکانی ناو شاندەکە بریتین لە:

عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوە.

عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگری.

عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندی.

ئامادەبوونی ئەم بەرپرسە باڵایانە نیشانەی ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت لەسەر وردەکاریی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و پرۆتۆکۆڵە ئەمنییە نوێیەکان، راستەوخۆ گفتوگۆ بکات

لە لایەکی دیکەو، شاندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، و بە ئامادەبوونی ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، ئێستا لە رێگان بۆ ئیسلام ئابا. 

میدیاکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران مەرجی پێشوەختەی هەیە و تەنیا لە کاتێکدا دانوستانە راستەوخۆکان دەستپێدەکەن کە لایەنی ئەمریکی بە فەرمی مەرجەکانی ئێران قبوڵ بکات.

هەر ئەمڕۆ هەینی، جەی دی ڤانس و محەممەدباقر قالیباف پێش بەڕێکەوتنییان بۆ ئیسلام ئاباد قسەخۆاین کرد؛ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند واشنتن تەنیا بە مەرجی نیازپاکی و پابەندبوو ئامادەی رێککەوتنە. هۆشداری دا کە ئەگەر ئێران بییەوێت"یاری بە کات بکات یان فێڵ بکات، ئەوا بەپێی رێنماییە روونەکانی ترەمپ دانوستانەکان تێکدەدەن.

هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دوو مەرجی بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند و جەختی کردەوە کە دەبێت ئاگربەست لە لوبنان رابگەیەنرێت و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێن.