41 وڵات بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە لەندەن کۆدەبنەوە
بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەریتانیا میوانداری خولێکی نوێی گفتوگۆ نێووڵاتییەکان بکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی رێگەکانی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستەبەرکردنی ئازادی دەریاوانی لە ناوچەکەدا.
هەینی 10ـی نیسانی 2026، بەرپرسێکی بەریتانی بۆ ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ" قسەی کردووە، رایگەیاندووە، نوێنەرانی 41 وڵات بۆ یەکەمجار دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران کۆدەبنەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی کۆبوونەوەکە هەماهەنگییەکی نێودەوڵەتییە بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی لێشاوی بازرگانی لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا.
ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدایە، فشارەکانی واشنتن بۆ سەر هاوپەیمانانی ناتۆ زیادی کردووە، هاوکات سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ مارک روتە، ئەمینداری گشتی ناتۆ، داوای کردووە بە زووترین کات هەنگاوی کردەیی بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییەکان بنرێت.
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ئەمجارە گفتوگۆکان لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرە سیاسییەکان دەبێت و پێش ئەوەش چەندین گرووپی کاری فرەنەتەوەیی کۆدەبنەوە بۆ گەڵاڵەکردنی پێشنیازە جێبەجێکارییەکان، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان تیشک بخەنە سەر رێکارە سیاسی و ئابوورییەکان، لەوانەش سەپاندنی سزا و هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی (IMO) بۆ ئازادکردنی ئەو کەشتیانەی لە کەنداو گیریان خواردووە.
لەندەن هەڵوێستی توندی خۆی نیشانداوە بەرامبەر بە بیرۆکەی سەپاندنی رسووماتی تێپەڕین یان باج لەسەر ئەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن کە پێنج یەکی پێداویستی نەوت و غازی جیهانی پیادا تێپەڕ دەبێت.
لەمبارەیەوە، بەریتانیا هۆشداری داوە، بڕیارێکی لەو شێوەیە دەبێتە پێشینەیەکی مەترسیدار بۆ رێڕەوە ئاوییەکانی دیکەی جیهان.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بیرۆکەی وەرگرتنی باجی لە کەشتییەکان خستبووە روو، بەڵام دواتر بەهۆی رەخنە نێودەوڵەتییەکانەوە پاشەکشەی لێکرد و داوای لە ئێران کرد لە هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە بوەستێت.
لای خۆیەوە، کێیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپی لە پلانەکانی ئەم کۆبوونەوەیە ئاگادار کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی کار دەکات، هاوکات بژاردە سەربازی و لۆجستییەکانیش تاوتوێ دەکرێن بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییەکان.