پاکستان: گەشبینین بە گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە نێوان واشنتن و تاراندا
ئیسلام ئاباد هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ لێکنزیککردنەوەی واشنتن و تاران، بە ئامانجی گۆڕینی هێوربوونەوەی کاتی بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی کە ئاسایش و سەقامگیری بۆ باشووری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێنێتەوە.
هەینی، 10ـی نیسانی 2026، حوسێن رەحمان، یاریدەدەری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "نۆڤۆستی"ی ڕووسی رایگەیاند: "ئێمە زۆر گەشبینین کە ئەو ئاگربەستەی لە سەرەتادا بۆ ماوەی 14 یان 15 رۆژ دیاریی کراوە، دوای سەرکەوتنی ئەم گفتوگۆیانە، بگۆڕدرێت بۆ راگرتنی هەمیشەیی کردەوە دوژمنکارییەکان و لە سەرانسەری ناوچەکەدا پشتگیرییەکی فراوانی لێ بکرێت."
ئەو یاریدەدەرە پاکستانییە هیوای خواست ئەم پێشهاتە ئەرێنییانە سوود بە هەموو ئەو وڵاتانە بگەیەنێت کە بەدەست لێکەوتەکانی کردەوە سەربازییەکان و گرژییە ناوچەییەکانەوە ناڵاندوویانە. جەختیشی کردەوە کە پاکستان ئامادەیە هەموو هەوڵێک بدات بۆ پشتگیریکردنی رێڕەوی گفتوگۆ و دیپلۆماسی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا.
بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.
لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا واشنتن و تاران بە مەرجەکانی یەکدی رازی بوون و بڕیاریشە سبەی شەممە 11ـی نیسانی 2026، دانوستانی نێوانیان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت.