ئەمریکا مافی نیشتەجێبوون لە چەند کەسایەتییەکی ئێران وەردەگرێتەوە
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەڵوەشاندنەوەی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی (Green Card) بۆ کوڕی مەعسوومە ئیبتیکار، بەرپرسی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران و خێزانەکەی راگەیاند، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لەژێر چاودێری چەکدارانی پۆلیسی کۆچ و کۆچبەراندان (ICE) بۆ ئەوەی لە وڵات دەربکرێن.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە rاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەید عیسا هاشمی" و "مریەم تەهماسبی" هاوسەری و منداڵەکەیان، کە پێشتر لە ساڵانی 2014 و 2016 لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا ڤیزا و مافی نیشتەجێبوونیان پێدرابوو، چیتر rێگەیان پێنادرێت لە ئەمریکا بمێننەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ مێژووی مەعسوومە ئیبتیکار گەڕاندەوە، کە ناسراوە بە "ماری هاوارکەر، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیبتیکار گوتەبێژی ئەو گرووپە بوو کە لە ساڵی 1979 هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و 52 دیپلۆماتکاری ئەمریکییان بۆ ماوەی 444 رۆژ بە بارمتە گرت.
روبیۆ رەخنەی توندی لە ئیدارەی پێشووی ئۆباما گرت و رایگەیاند: "جێگەی قبوڵکردن نییە خێزانی ئەو کەسانەی دەستیان لە تیرۆر و ئازاردانی ئەمریکییەکاندا هەبووە، سوودمەند بن لە مافی ژیان لەم وڵاتەدا."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، مارکۆ روبیۆ جەختی کردەوە، لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی ترەمپ، ئەمریکا هەرگیز نابێتە نیشتمان بۆ ئەو کەسانەی دژایەتی بەرژەوەندییەکانی واشنتن دەکەن و رێکاری توند بەرامبەر کەسوکاری ئەو بەرپرسانە دەگیرێتە بەر کە تێوەگلاون لە کارە تیرۆریستییەکان.