کۆشکی سپی: کۆبوونەوە سێقۆلییەکە ئەمریکا، ئێران و پاکستان راستەوخۆیە
کۆشکی سپی رایگەیاند، شاندە باڵاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پاکستان و ئێران، لە ئیسلام ئاباد کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی رووبەڕوویان ئەنجامداوە. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی چڕ و نوێ دەبینرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، سێ لایەنەکە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و کەسییان ئەنجامداوە. ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە شێوازی دیپلۆماسی نێوان واشنتن و تاران، چونکە لە ماوەی رابردوودا دانوستانەکان تەنیا لە رێگەی ناوبژیوان و لە ژووری جیاوازدا بەڕێوەدەچوون، بەڵام ئەمجارە شاندەکان رووبەڕوو کۆبوونەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی چەند بەرپرسێکی بووە، لەوانە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و جارید کوشنەر، راوێژکار و کەسایەتی نزیک لە ترەمپ.
هەرچەندە کۆشکی سپی ناوی ئەندامانی شاندی ئێران و پاکستانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە ئەم کۆبوونەوانە لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ دۆزینەوەی دەرهێچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە.