دانوستانی ئێران و ئەمریکا زیاتر لە 8 کاتژمێری خایاند و ئەنجامەکەی نادیارە
ئاژانسی "تەسنیم" رایگەیاند، دانوستانی نێوان شاندی ئێران و ئەمریکا بۆ ماوەی زیاتر لە 8 کاتژمێر بەردەوام بوون و تا درەنگانی شەو کاتژمێر 12:30ـی شەو بە کاتی ناوخۆ پاکستان درێژەیان کێشاوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، دیار نییە گەڕێکی دیکەی دانوستان بەڕێودەچیت یاخود نا.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، ئاژانسی تەسنیم لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دانوستانەکان لە نێوان شاندی ئێران و ئەمریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی گۆڕینەوەی نامە و پەیام لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە بەڕێوەدەچن.
سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، داواکارییە زۆرەکانی لایەنی ئەمریکی، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز، تاوەکوو ئێستا بووەتە رێگر لەبەردەم گەیشتن بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ دانوستانەکان.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، هێشتا روون نییە ئایا دانوستانەکان بۆ رۆژێکی دیکە درێژ دەکرێنەوە، یان شاندەکان بۆ ئەنجامدانی راوێژ و وەرگرتنی رێنمایی نوێ دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
ئەم هەوڵانە نێوان ئێران و ئەمریکا لە کاتێکدایە، ناوچەکە و جیهان چاوەڕێی ئەنجامەکانی ئەم دانوستانە چڕانە دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە ئامانجی راگرتنی جەنگ و ئارام بوونەوەی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و ئاسایی بوونەوەی هاتووچۆی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا.