سوپای پاسداران: ئەوانەی پەیوەندییان بە تۆڕە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەبێت دەستگیر دەکرێن

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا لە سێ پارێزگای وڵاتەکە، 122 کەسیان بە تۆمەتی کارکردن بۆ تۆڕە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەستگیرکردووە.

شەممە 11ـی نیسانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە سێ پارێزگای وڵاتەکەیان ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامداوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە تۆڕە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەبووە، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە پارێزگای هەمەدان، 18 کەس دەستگیرکراون کە ئەندامی چەند تۆڕێک و لایەنێکی پەیوەندیدار بوون بە ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە ناردنی زانیاری لەسەر ناوەندە هەستیارەکان و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە، هەروەها بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنییان پێ گیراوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیندراوەکەدا هاتووە، لە پارێزگای سمنان، دوو سیخوڕی دەزگای "موساد" دەستگیرکراون، سوپای پاسداران دەڵێت،" ئەو دوو کەسە لە سەرەتای دەسپێکی ئاڵۆزییەکانەوە بەردەوام لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگری ئیسرائیل و زانیارییان بۆ ناردوون.

هاوکات لە هەمان ئۆپراسیۆندا لە پارێزگای گەیلان، زۆرترین ژمارەی دەستگیرکراوان لەم پارێزگایە بووە، کە 102 کەسن، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، چوار لەوانە سیخوڕی موساد بوون و ئەرکیان کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی و راهێنانی خەڵک بووە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، جگە لەم دەستگیرکردنانە، رێکاری "تەمبێکردن" بەرانبەر 100 کەسی دیکە گیراوەتە بەر کە وەک هاندەر و ئەندامی نوێی ئەو تۆڕانە ناسێنراون و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی شارەکانیان داوە.