پارتی: پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نایاساییە و رەتی دەکەینەوە

پارتی: سەرۆککۆماری نوێ نوێنەرایەتیی زۆرینەی کوردستان ناکات

پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسەی بەبێ رەزامەندیی زۆرینەی هێزە کوردییەکان بووەتە سەرۆککۆمار، بە نوێنەری گەلی کوردستان ناناسرێت و جەختی کردەوە کە پۆستەکە پشکی هەموو گەلی کوردستانە نەک حزبێک.

شەممە، 11ـی نیسانی 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی عێراق دەربڕی و رایگەیاند، کە پڕۆسەکە بە "پێشێلکردنی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ" بەڕێوەچووە و دان بە شەرعییەتی کاندیدە هەڵبژێردراوەکەدا نانێن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بێ گوێدانە پەیڕەوی ناوخۆ بەرنامەی کۆبوونەوەکەی دیاری کردووە، ئەمەش وەک "پێشێلکارییەکی روونی یاسایی" وەسف کردووە.

 هەروەها جەختی کردووەتەوە کە پۆستی سەرۆککۆمار "شایستەی (ئیستحقاق) گەلی کوردستانە نەک لایەنێکی دیاریکراو"، بەڵام کاندیدی سەرکەوتوو لە دەرەوەی میکانیزمی نیشتمانیی کوردستان و تەنیا لەلایەن حزبێک و بە پشتیوانیی چەند لایەنێکی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دیاریی کراوە.

پارتی لە راگەیەنراوەکەیدا بە راشکاوی دەڵێت: "ئەو شێوازە لە هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و ئەو کەسەشی بەو شێوەیە دیاریکراوە، بە نوێنەری زۆرینەی کوردستان ناناسێنین و هەڵسوکەوتی لەگەڵدا ناکەین." 

هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن فراکسیۆنی پارتییەوە، دەبوو ناوی کاندیدی ئەوانیش لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە لادرابایە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و راوێژکردن لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو، پارتی بڕیاری داوە هەردوو فراکسیۆنی خۆی لە پەرلەمان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بانگهێشت بکاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە، پەرلەمانی عێراق بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبووەوە. دوو گەڕی دەنگدان لەنێوان کاندیدان بەڕێوە چوو و، نزار محەمەد ئامێدی، کاندید یەکێتی، توانی بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران کە 227 دەنگ بوو، کێبڕکێکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە و بە سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.