قائانی: ئێستا بەرەی مقاوەمە لە هەموو کاتێک بەهێزترە
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، "بەرەی مقاوەمە ئێستا لە هەر کاتێکی دیکە بەهێزترە."
ئیسماعیل قائانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، لە پەڕەی تایبەتی خۆیدا لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' نووسیویەتی، "بەرەی مقاوەمە یەکگرتوو و بەهێز و بێهاوتایە، ئیسرائیل وا بیر دەکاتەوە، بە فشار خستنە سەر بەرەی مقاوەمە و خەڵکی بێتاوان، دەتوانێت ئەم بەرەیە لاواز و ناچار بەخۆ رادەستکردن بکات، بەڵام ئێستا بەرەی مقاوەمە لە هەر کاتێکی دیکە بەهێزترە".
قائانی ئاماژەی بەوەشداوە، "سیاسەتی بەرەی مقاوەمەوە بەجۆرێکە، هەر کاتێک فشاری زیاتری بخرێتە سەر، بە هێزتر و خۆڕاگرتر دەبێت".
لە 28ـی شوباتدا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، بەڵام دوای چەند رۆژێک لە جەنگەکە حووسیەکان و حزبوڵڵای لوبنانی و گرووپەچەکدارەکانی عێراق هاتنە نێو جەنگەکە، بەمەش بەرەی جەنگ فراوانتر بوو.
هەر لەوبارەوە بریارە ئەم هەفتەیە لوبنان و ئیسرائیل ئاگربەست بکەن، بۆ ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر بەیرووت و باشووری لوبنان بوەستێت، چونکە لە 2ـی نیسان تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا و لوبنان زیاتر لە 1900 کەس کوژراون و ژمارەی بریندارانیش شەش هەزار و 300 کەسی تێپەڕاند.