موجتەبا خامنەیی: بەپێی پێوەرە باوەڕییەکان ئێران هێزی یەکەمی جیهانە
موجتەبا خامنەیی: نەیارەکانمان توانای پێشڕەوییان لە ناوچەکە نەماوە
رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا، جەخت لە کۆتاییهاتنی سەردەمی باڵادەستیی هێزە بێگانەکان بەسەر ئێراندا دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی لە رووی سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەوە بووەتە هێزێکی باڵا و هاوکێشەی هێزی لە ناوچەکەدا بە تەواوی گۆڕیوە.
دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامەکی بەبۆنەی ساڵیادی دەستپێکی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق بڵاوکراوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە هەوڵی بەردەوامی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ گێڕانەوەی ئێران بۆ قۆناخی پاشکۆیەتی و بێدەسەڵاتی بە تەواوی شکستپێهێنراوە و دووپاتی دەکاتەوە: "ئەو رۆژانەی دوژمن ئاواتی گەڕانەوەی بۆ دەخوازێت تێپەڕین و هەرگیز دووبارە نابنەوە."
لە بەشێکی پەیامەکەدا، موجتەبا خامنەیی سەرنج دەخاتە سەر پێگەی نێودەوڵەتیی تاران و رایدەگەیەنێت: "ئەمڕۆ هەندێک لایەن لەسەر بنەمای پێوەرە دنیاییەکان ئێران بە چوارەمین زلهێزی جیهان دادەنێن، بەڵام بەپێی پێوەرە باوەڕییەکان، گەلێک کە بەستراوە بێت بە ئیسلام و لە بەڕێوەبردنی حەق سڵ نەکاتەوە، بە هێزی یەکەمی جیهان هەژمار دەکرێت."
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە ئێران هاوشێوەی "باڵندەی قەقنەس" لەنێو ئاگری جەنگەکاندا بەهێزتر هەڵستاوەتەوە، تا ئەو رادەیەی لە بەرامبەر هێرش و گوشارەکاندا، ئێستا نەیارەکان لەبری پێشڕەوی، داوای راگرتنی شەڕ دەکەن.
سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی و کەنداو، لە پەیامەکەدا هاتووە: "لە رابردوودا دەریای باشووری ئێران تەراتێن و مەیدانی هێزە نەیارەکان بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی ئەو گورزە بەئازارانەی لە گەرووی هورمز بەرکەوتوون، ناتوانن لە دەریای عەرەب زیاتر بێنە پێشەوە؛ بەم زووانەش دەریای عەرەب لە بوونی ئەو هێزانە بە تەواوی پاک دەکرێتەوە."
هاوکات سەبارەت بە ئامادەیی فراوانی جەماوەری لەناوخۆی ئێران باسی لەوە کرد، زیاتر لە 30 ملیۆن کەس ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگریکردن دەربڕیوە، و ژنانیش لە بەرگریدا پێشەنگ بوون.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی حەسەن نەسرۆڵڵا، ئەمینداری پێشووی حزبوڵڵای لوبنان، ستایشی پێگەی ناوبراو وەک "سیمبولی بەرخۆدان" کراوە و دەستخۆشی لە شێخ نەعیم قاسم و جەنگاوەرانی حزبوڵڵا کراوە بۆ بەردەوامیدان بەو ڕێبازە.
لە بەرامبەردا، پەیامەکە رەخنەی توندی لەو لایەنانە گرتووە کە هیوایان بە بەڵێنی وڵاتانی رۆژئاوا هەڵچنیوە و ئەو هەنگاوەی بە "شەرمەزاری" ناوبردووە، جەختیشی کردووەتەوە بەرەی موقاوەمە سەرکەوتنی کۆتایی بەدەستدەهێنێت.