ئێران: زۆربەی پاڵاوگە زیانلێکەوتووەکان لە ماوەی دوو مانگدا دەست بە کار دەکەنەوە
جێگری وەزیری نەوتی ئێران، رایگەیاند وڵاتەکەی پلانی هەیە لە ماوەی یەک بۆ دوو مانگی داهاتوودا زۆربەی دامەزراوەکانی پاڵاوتن و دابەشکردنی نەوت، کە لە هێرشەکاندا زیانیان بەرکەوتبوو، کارا بکاتەوە؛ جەختی کردەوە کە کارەکانی چاککردنەوە دەستیان پێکردووە.
یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، محەممەدسادق عەزیمیفەر، جێگری وەزیری نەوتی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، وڵاتەکەی چاوەڕوان دەکات زۆربەی دامەزراوەکانی پاڵاوتن و دابەشکردنی نەوت کە لە هێرشەکاندا زیانیان بەرکەوتووە، لە ماوەی یەک بۆ دوو مانگی داهاتوودا دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
ئاماژەی بەوە کرد، پلان هەیە ئەو دامەزراوانە بە رێژەی 70٪ بۆ 80٪ـی بەو توانایەی پێش هێرشەکان کار بکەنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تاران بۆ چاکبوونەوە لەو گورزانەی کە بەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکە کەوتوون.
عەزیمیفەر گوتیشی: "کارەکانی چاککردنەوە دەستیان پێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی پاڵاوگەی لاوان لە ماوەی 10 رۆژدا کارەکانی دەست پێ بکاتەوە، دواتریش یەکە و دامەزراوەکانی تریش بە شێوەیەکی پلەبەندی دەگەڕێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی.