سوپای پاسداران: گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی ئێمە دایە

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزیان بەدەستەوەیە شاڕێگی سەرەکی گواستنەوەی وزەیە لە جیهاندا. سوپای پاسداران هۆشداری توندی دا و رایگەیاند لە ئەگەر هەر هەڵەیەکی سەربازی، دوژمنان لە ناو گەردەلوولێکی کوشندەدا لەو گەرووەدا دەستبەسەر دەبن.

یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "تەواوی هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی وردی هێزە چەکدارە ئێرانییەکاندایە."

لە پەیامەکەیدا، سوپای پاسداران ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا کەشتییە جەنگییەکان لە نێو بازنەی نیشانەشکێنی هێزەکانی ئێراندا دەردەکەون و تێیدا هاتووە: "ئەگەر دوژمن تووشی هەر جووڵەیەکی هەڵە بێت، لە گەرووی هورمزدا دەکەوێتە ناو گەردەلوولێکی کوشندەوە."

ئەم هەڵوێستە توندەی سوپای پاسداران دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر گەرووی هورمز دەرکرد، ئەمەش ئاستی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆنی گەیاندە قۆناغێکی نوێ.

گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین خاڵە ستراتیژییەکانی جیهان بۆ بازرگانی نەوت دادەنرێت و هەر جۆرە پێکدادانێک لەو ناوچەیەدا مەترسی گەورە بۆ سەر ئاسایشی وزە لە جیهاندا دروست دەکات.