سعوودییە سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان، ناڕەزایەتیی خۆی گەیاندە عێراق

سعوودییە جەخت لە گرتنەبەری هەموو رێکارێک دەکاتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی

سعوودییە بە فەرمی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر وڵاتانی کەنداو و رایگەیاند: کە هەموو رێکارێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵات.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، سەفییە سوهەیل، باڵیۆزی عێراقی لە شانشینەکە بانگهێشت کرد و نامەیەکی ناڕەزایەتی فەرمی رادەست کرد.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی سعودیەدا هاتووە، کە ئەم بانگهێشتکردنە لە پاش بەردەوامیی هێرش و هەڕەشە ئاشکراکان دێت کە لە رێگەی درۆنەکانەوە لە ناو خاکی عێراقەوە کراونەتە سەر سعوودییە و وڵاتانی دیکەی کەنداو.

لە کاتی رادەستکردنی نامەی ناڕەزایەتییەکەدا، سعود ساتی، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری سیاسیی سعوودییە، جەختی لە سەرکۆنەکردنی توندی شانشینەکە کردەوە بۆ ئەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە سەرچاوە دەگرن و گوتی: "پێویستە عێراق بە بەرپرسیارییەتییەکی تەواوەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشە و دەستدرێژییانەدا بکات."

هەروەها ساتی دووپاتی کردەوە، کە سعوودییە بە توندی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی وڵاتان و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە رەت دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە شانشینی سعوودییە هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش و پاراستنی خاکەکەی.