میسر و پاکستان جەخت لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەنەوە

وەزیری دەرەوەی میسر و هاوتا پاکستانییەکەی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیان لە پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و جێگیرکردنی ئاگربەست لە ناوچەکەدا.

یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر و محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی میسر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەردوو وەزیر جەختیان لەسەر پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی ئاگربەست.

لە میانی پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی پاکستان، هاوتا میسرییەکەی لە وردەکاریی و دەرئەنجامی گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد ئاگادارکردەوە، کە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی هەردوو وڵاتدایە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەنێوان واشنتن و تاران، بە رەچاوکردنی مەترسییەکانی دۆخی ئێستا لەسەر ئاشتیی جیهانی.

هەردوو وەزیر جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی رێڕەوی دیپلۆماسی و پێشخستنی زمانی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانە کردەوە، بە شێوەیەک کە رێگری لە خراپتربوونی دۆخەکە بکات.

هەروەها ئیسحاق دار ستایشی ئاستی بەرزی هەماهەنگیی نێوان "میسر، پاکستان و تورکیا"ی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان.

لای خۆشیەوە عەبدولعاتی سوپاسی هەوڵەکانی پاکستانی کرد بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکان و دووپاتی کردەوە کە قاهیرە پابەندە بە بەردەوامیی هەماهەنگییەکان بۆ پشتیگیریکردن لە ئاسایشی هەرێمی.