ئیمارات باندێکی گەورەی دزی دەستگیرکرد

وێنەی دزە دەستگیرکراوەکان
وێنەی دزە دەستگیرکراوەکان

دەسەڵاتدارانی ئیمارات باندێکیان ئاشکراکردووە کە توانیویانە کاسبکارێک فریو بدەن و عودێکی نایابیان بە بەهای 12 ملیۆن درهەمی ئیماراتی کە دەکاتە نزیکەی 3.26 ملیۆن دۆلار بدزن، دوای ئەوەی ئافرەتێک لە باندەکە خۆی وەک 'شازادە' نیشان دا.

پۆلیسی دوبەی رایگەیاند، باندێکی 8 کەسیان ئاشکرا کردووە کە یەکێکیان ئافرەتە، ئەو باندە عودی نایابیان دزیوە کە لە دروستکردنی بۆن بەکاردێت ، پۆلیس ئاماژەی بەوەش داوە،  چوار کەسیان لەو باندە دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر ئەو عودە دزراوەشدا گرتووە کە دزیویانە.

پۆلیسی دوبەی باسی لەوەش کردووە، بە کەمتر لە 12 کاتژمێر دوای کردنی تاوانەکە دەستگیرکراون، هاوکات ئاگادارییەکی سوور بۆ چوار کەسەکەی دیکە دەرچووە کە راستەوخۆ دوای تاوانەکە وڵاتیان بەجێهێشتووە، لەنێویاندا ئەو ئافرەتەی لەکاتی تاوانەکەدا خۆی وەک شازادە نیشانداوە تێدایە.

تاوانەکە لەو کاتەوە دەستی پێکردووە کە دوو ئەندامی باندەکە چوونە دوکانێکی عود فرۆش لە یەکێک لە بازاڕە ناوخۆییەکان و فێڵیان لە بازرگانەکە کردووە کە  بازرگانەکە پێیوابووە ئەو ئافرەتە شازادەیە و دێتە دوبەی و دەیەوێت عودی نایاب بکڕێت.

هەروەها باندەکە وەک بەشێک لە فێڵەکە ڤێلایەکی مۆدێرنیان ئامادەکرد و پاسەوانیان لەسەر دانا و پێشوازییەکی ئاڵۆز و ئێوارەخوانێکی گرانبەهایان رێکخست بۆ ئەوەی بازرگانەکە باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەو ئافرەتە شازادەیە، دواتر فێڵی لێدەکەن و دار دەخەنە ناو جانتای بازرگانەکە و عودەکەی لێ دەدزن.