پزیشکیان بۆ پوتن: ئێران ئامادەیە بۆ رێککەوتنێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە

پزیشکیان و پوتن دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد و ئاگربەست تاوتوێ دەکەن

سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی، ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوسەنگ کە ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات.

یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا گفتوگۆی کرد. 

سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، پزیشکیان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە کە ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەدا فەراهەم بکات. هەروەها هەردوولا، پرسی ئاگربەستی ئێستا و رەوتی دانوستانەکانی ئیسلام ئابادیان تاوتوێ کردووە.

پزیشکیان لە بە پوتنی راگەیاندووە: "گەورەترین رێگر لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتنی دادپەروەرانە، بوونی پێوەرە دووفاقییەکان و هەژموونخوازیی لایەنی ئەمریکییە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران هێڵی سوورن، بەڵام "ئەگەر ئەمریکا پابەندی چوارچێوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان بێت، ئەوا گەیشتن بە رێککەوتن کارێکی قرس نابێت بەڵکوو ئاسان دەبێت".

سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەسەر ویستی تاران کردەوە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی گشتگیر کە بتوانێت سەقامگیریی درێژخایەن بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.