سێنتکۆم گەمارۆی دەریایی بەسەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێراندا سەپاند

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، لە ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، بە فەرمی دەست دەکات بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سەرجەم ئەو کەشتیانەی دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێیان دەردەچن، ئەمەش وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ شکستی دانوستانەکان.

سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر 17:00ـی ئەمڕۆ دووشەممە ، هێزەکانیان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو جۆرە کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم گەمارۆیە بە شێوەیەکی بێلایەنانە و بەسەر کەشتیی سەرجەم وڵاتانی جیهاندا دەسەپێنرێت کە بیەوێت بچێتە ناو بەندەرەکانی ئێران لێیان دەربچێت، چ لە سنووری کەنداوی عەرەبی بێت یان لە کەنداوی عومان.

سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە تەنیا ئێران دەگرێتەوە و هێزەکانی ئەمریکا رێگری لە ئازادیی ئەو کەشتیانە ناکەن کە لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕن بۆ بەندەرەکانی دیکە یان لەوێوە دێن. ئەمەش بەو واتایەیە کە رێڕەوی نێودەوڵەتی وزە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە پارێزراو دەبێت.

هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا داوایان لە سەرجەم کەشتیوانانی بازرگانی کردووە کە بە وردی چاودێری راگەیەندراوەکان بکەن و لە کاتی کارکردنیان لە کەنداوی عومان و گەرووی هورمز، لە رێگەی کەناڵی پەیوەندیی (Channel 16) لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە پەیوەندیدا بن.

ئەم جوڵە سەربازییەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی گەمارۆدانی ئێرانی کردبوو بەهۆی ڕەتکردنەوەی مەرجەکانی واشنتن لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد، کە بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.