وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەگەری هەیە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکارەکانی تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی سنووردار بۆ سەر ئێران دەکەن، وەک ئامرازێک بۆ شکاندنی بنبەستی گفتوگۆکانی ئاشتی. بەگوێرەی سەرچاوەکان، بژاردەی "هێرشی گشتگیر و بەردەوام" کەمترین ئەگەری هەیە لای ترەمپ، بەڵکو تیشک خراوەتە سەر هێرشی سنووردار و گەمارۆی دەریایی.
دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە رایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا دەست دەکات بە کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز. ترەمپ ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی هەڕەشەی هەبوونی مین لە ناوچەکەدا دەکات و ئەمەی بە "سەرانەوەرگرتنی جیهانی" ناوبرد.
ترەمپ جەختی کردەوە، فەرمانی بە هێزی دەریایی کردووە هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بپشکنن ئەگەر باجی تێپەڕبوونی بە ئێران دابێت. هەروەها ئەمریکا دەست دەکات بە لەناوبردنی ئەو مینانەی ئێران چاندوویەتی و لەگەڵ هەر هێرشێکی ئێرانی بۆ سەر کەشتییە ئەمریکییەکان یان کەشتییە ئاشتیخوازەکان، بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.
لە کۆتاییدا ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گەمارۆیە بەمزووانە دەستپێدەکات و وڵاتانی دیکەش بەشدار دەبن، ئامانجیش لێی رێگریکردنە لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە پارە و چەکی ئەتۆمی. هەروەها داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بکاتەوە.
دوێنێ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند؛ لە ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، کاتژمێر10:00ـی بەیانی بەکاتی ئەمریکا، دەست بە جێبەجێکردنی قەدەخەی هاتووچۆی دەریایی دەکەن بۆ هەموو ئەو کەشتیانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەردەچن.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە بە یەکسانی بەسەر کەشتیی هەموو وڵاتاندا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام رێگری لەو کەشتیانە ناکرێت کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن بۆ بەندەرە نائێرانییەکان.