هۆشداریی توندی ئێران لەبارەی گەرووی هورمز و ئاسایشی کەنداو

ئێران گەمارۆکەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەی بە "چەتەیی دەریایی" وەسف دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ کەشتییەکی سەر بە "دوژمن" بە گەرووی هورمزدا نادرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی "خاتەمولئەنبیا"ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئاسایشی بەندەرەکانی کەنداو و دەریای عومان یان دەبێت بۆ هەمووان بێت، یان بۆ هیچ کەسێک نابێت.

زولفەقاری روونیشی کردەوە، رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ کەشتییەکی سەر بە "دوژمن" بە گەرووی هورمزدا نادرێت و بە تەواوی سەروەریی خۆیان لە ئاوە هەرێمییەکاندا پیادە دەکەن.

گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا ئەوەشی خستە روو، تەنیا رێگە بەو کەشتییانە دەدرێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن کە پەیوەندییان بە دوژمنەکانەوە نییە، ئەمەش بە مەرجی پابەندبوون بە رێکارەکانی هێزە چەکدارەکانیان.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا راشیگەیاند، بە توندی میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز جێبەجێ دەکەن و تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی جەنگیش بەردەوام دەبێت، ئەمەش وەک وەڵامێکە بۆ هەڕەشەکانی "دوژمن".

زولفەقاری ئاماژەی بەوە کرد، سەپاندنی کۆتوبەند لەلایەن ئەمریکا بەسەر جووڵەی کەشتییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، رێکارێکی نایاساییە و بە جۆرێک لە چەتەیی دەریایی هەژمار دەکرێت.

بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا بەرزترین دامەزراوەی سەربازییە لە ئێران و ئەرکی هەماهەنگی لە نێوان سوپای ئێران و سوپای پاسداران لە ئەستۆدایە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئابڵووقەی سەر ئەو کەشتییانە دەدات کە هاتوچۆی بەندەرەکانی ئێران دەکەن.

گوتیشی، ئابڵووقەکە لە 13ی نیسان لە 10:00ی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (کاتژمێر 5:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر) دەستپێدەکات.

ترەمپ باسی لەوەش کرد، هێزی دەریایی ئەمریکا دەست بە گەمارۆدانی هەموو ئەو کەشتییانە دەکات کە دەیانەوێ بچنە ناو گەرووی هورمز یان لێی بێنە دەرەوە. 

بەم هۆیەوە، گرێبەستە ئاییندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت 6.71 دۆلار و  رێژەی 7.05% بەرزبووەوە و گەیشتە 101.91 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی هەینی بازاڕەکانی بە دابەزینی 0.75% داخستبوو.