وەزارەتی تەندروستی بڕیاری نوێ لەبارەی دەوامی پزیشکان و نەخۆشخانەکان دەردەکات

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی نوێدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی کراوە، چەند بڕیارێکی نوێ و گرنگی لە پێناو پاراستنی مافی نەخۆش و رێکخستنەوەی دەوامی پزیشکان لە نەخۆشخانە حکوومییەکان دەرکرد.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی نوێی لە پێناو پاراستنی مافی نەخۆش و رێکخستنەوەی دەوامی پزیشکان دەکرد، لە بڕیارە نوێیەکەدا هاتووە:
1- وەزارەت جەخت دەکاتەوە دەبێت پزیشکی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین لە کاتی ئێشکگرییدا بەردەوام لەناو نەخۆشخانە ئامادەبن، بە هیچ جۆرێک رێگە نادرێت پزیشک لە دەرەوەی نەخۆشخانە بێت و بە تەلەفۆن (On Call) کارەکان راپەڕێنێت.

2-  قەدەغەکردنی دەوامی نۆرینگە لە رۆژی ئێشکگرییدا:
ئەو پزیشکەی لە نەخۆشخانە حکوومییەکان ئێشکگرە، بۆی نییە لە هەمان رۆژدا لە نۆرینگەی تایبەت یان نەخۆشخانە ئەهلییەکان کار بکات، دەبێت تەواوی کاتەکەی بۆ خزمەتی نەخۆشخانە حکوومییەکە تەرخان بکات.

3-  قەدەغەکردنی چارەسەر و دەستنیشانکردن بە مۆبایل:
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، بەکارهێنانی مۆبایل و ئەپڵیکەیشنەکانی (ڤایبەر، واتسئەپ، تێلێگرام) بۆ بینینی وێنە و ڤیدیۆی نەخۆش و دەستنیشانکردنی نەخۆشی قەدەغەیە، پزیشک دەبێت بە شێوەی راستەوخۆ لەسەر جێگەی نەخۆشەکە ئامادە بێت و پشکنینی بۆ بکات.

4-  بەرپرسیارێتی پزیشکی پسپۆڕ:
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و دێرین بۆیان نییە تەنها بە راوێژی تەلەفۆنی لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ بڕیار لەسەر نەخۆش بدەن، بەڵکو دەبێت پزیشکی پسپۆڕ خۆی لە لای نەخۆشەکە ئامادە بێت بۆ هەر رێکارێکی پزیشکی.

5-  دادپەروەری لە خشتەی دەوام:
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان راسپێردراون کە خشتەی ئێشکگریی مانگانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەبێ جیاوازی دابەش بکەن، هەروەها هەر گۆڕانکارییەک لە خشتەکەدا دەبێت پێشوەختە رەزامەندی لەسەر بدرێت و بڵاوبکرێتەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارانە کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەرچوون، مەبەست لێیان بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دڵنیابوونەوەیە لەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا باشترین چاودێری دەکرێت و چارەسەر دەکرێت.