بەریتانیا دژی گەمارۆکەی ئەمریکایە بۆ سەر گەرووی هورمز

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ بڕیاری ئەمریکا سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆی سەربازی بەسەر گەرووی هورمز و بەندەرەکانی ئێران راگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا گوتی، بە هیچ شێوەیەک پشتیوانیی گەمارۆخستنە سەر گەرووی هورمز و بەندەرەکانی ئێران ناکەن.

ستارمەر ئاماژەی بەوە دا، گەمارۆخستنە سەر ئەو گەرووە پێچەوانەی ویستی ئەوانە و تەنیا بە کردنەوەی هورمز دەتوانن نرخی وزە دابەزێنن و گوزەرانی خەڵک باشتر بکەن.

سەبارەت بە پرسیارێک لەسەر ئەوەی هەنگاوەکەی ترەمپ هەوڵێکە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی وزە لە ئەوروپا و بەریتانیا وەک تۆڵەکردنەوەیەک بەرانبەر بە پشتیوانینەکردنی ئەمریکا لەلایەن لەندەن و برۆکسلەوە؟ سەرۆکوەزیران گوتی، گرنگترین شت ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو دۆسیەیە کۆ بکەنەوە، بۆ ئەوەی گرژییەکان کەم ببنەوە و گەرووی هورمز بکرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئابڵووقەی سەر ئەو کەشتییانە دەدات کە هاتوچۆی بەندەرەکانی ئێران دەکەن.

گوتیشی، ئابڵووقەکە لە 13ی نیسان لە 10:00ی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (کاتژمێر 5:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر) دەستپێدەکات.

ترەمپ باسی لەوەش کرد، هێزی دەریایی ئەمریکا دەست بە گەمارۆدانی هەموو ئەو کەشتییانە دەکات کە دەیانەوێ بچنە ناو گەرووی هورمز یان لێی بێنە دەرەوە. 

بەم هۆیەوە، گرێبەستە ئاییندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت 6.71 دۆلار و  رێژەی 7.05% بەرزبووەوە و گەیشتە 101.91 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی هەینی بازاڕەکانی بە دابەزینی 0.75% داخستبوو.