کرێملن: گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا دەربڕی و هۆشداریی دا لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم هەنگاوە لەسەر سەقامگیریی بازاڕە جیهانییەکان.
کرێملن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا زۆرێک لە وردەکارییەکانی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی هاتوچۆی کەشتیوانیی پەیوەندیدار بە ئێران ناڕوونن، بەتایبەتی ئەو دەنگۆیانەی باس لە گەمارۆدانی "گەرووی هورمز" دەکەن، رووسیا جەختی کردەوە، هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە کاریگەریی نەرێنیی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، کرێملن رایگەیاند، "پێشنیازەکەی رووسیا بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران هێشتا وەک خۆی ماوە، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی داوا نەکراوە"، هەروەها داوای کرد بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێت بۆ ئەوەی گرژییەکانی ناوچەکە نەتەقنەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا بە فەرمی سەپاندنی گەمارۆی بەسەر ئەو کەشتیانەدا راگەیاند کە بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەچن یان لێیەوە دەگەڕێنەوە، بە ئامانجی پەکخستنی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە، بەگوێرەی بڕیارەکە، تەنیا رێگە بەو کەشتیانە دەدرێت تێپەڕن کە لە بەندەرەکانی ئێران لەنگەر ناگرن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی ئەم بڕیارەی رەتکردەوە، موحسین رەزایی، بەرپرسی باڵای ئێران رایگەیاند، "تاران رێگە نادات هیچ گەمارۆیەکی بەسەردا بسەپێنرێت" ئاماژەی بەوەش دا، وڵاتەکەی خاوەنی چەندین توانای بەکارنەهێنراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم فشارانە.