جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فشارەکان لەسەر فرۆکەخانەی هیسڕۆ زیاد دەکەن
داخستنی ئاسمانی وڵاتانی کەنداو بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، وایکردووە رێژەی گەشتیارانی "ترانزێت" لە فرۆکەخانەی "Heathrow"ی لەندەن لە مانگی ئاداردا بە رێژەی 10% زیاد بکات.
فرۆکەخانەی هیسڕۆ لە لەندەن رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لە مانگی ئاداردا ژمارەی ئەو گەشتیارانەی فرۆکەخانەکەیان وەک وێستگەیەک بۆ چوونە شوێنی دیکە (ترانزێت) بەکارهێناوە، بە رێژەی 10% زیادیکردووە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتانی کەنداوی ناچار کرد ئاسمانی خۆیان دابخەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فرۆکەخانەی هیسڕۆ، کۆی گشتی ژمارەی گەشتیاران لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 6.65 ملیۆن گەشتیار، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی 6.9% بەرزبووەتەوە.
کارتێكەرییەکان و دۆخی کۆمپانیاکانی کەنداو
تۆماس وۆڵدبای، سەرۆکی جێبەجێکاری فرۆکەخانەکە رایگەیاند: "هەرچەندە تۆڕی گەشتە دوورەکانی هیسڕۆ لە مانگی ئاداردا پێویستییەکانی گەشتیارانی پڕکردەوە، بەڵام پێشبینییەکان بۆ چەند مانگی داهاتوو هێشتا نادیارن، ئەوەش بەهۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
پێشتر کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی (ئیمارات، ئیتیحاد و قەتەرییە) مۆدێلی کارەکانیان لەسەر ئەوە بونیاد نابوو کە ببنە ناوەندی سەرەکی بۆ گواستنەوەی گەشتیارانی گەشتە دوورەکان لە جیهاندا. بەڵام دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ی شوبات، دۆخەکە گۆڕدرا؛ ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو کە هاوپەیمانی ئەمریکان، و تێیدا فرۆکەخانە و ژێرخانە سەرەکییەکانی کردە ئامانج.
هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی گەشتەکان
دوای گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە لەنێوان واشنتن و تاران لە شەوی 7-8ی نیسان، هەفتەی رابردوو عێراق و بەحرەین ئاسمانی خۆیان بە تەواوی کردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەریەک لە ئیمارات و قەتەر هێشتا چەندین سنووردارکردنیان لە کایەی ئاسمانییان هێشتووەتەوە، لە کاتێکدا فرۆکەخانەکانی دوبەی، ئەبوزەبی و دەوحە رووبەڕووی فشارێکی زۆری گەشتە دوورەکان بوونەتەوە.
فرۆکەخانەی هیسڕۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا ئاگربەستی تەواو رانەگەیەندراوە، بەڵام کێشەکانی پەیوەست بە زنجیرەی دابینکردن، لەوانەش سووتەمەنی، کاریگەرییان لەسەر کارەکانی فرۆکەخانەکە نەبووە.