ئاسیان داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز دەکات
وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەن بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستەبەرکردنی هاتوچۆی ئازادانە لە گەرووی هورمز، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن بڕیاری دا گەمارۆی دەریایی بخاتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، وەزیرانی دەرەوەی 11 وڵاتی ئەندام لە رێکخراوی ئاسیان، لە رێگەی ئۆنلاینەوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران. کۆبوونەوەکە تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرە ئێرانییەکان بەڕێوەچوو.
دوێنێ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی گەمارۆدانی ئەو رێڕەوە ستراتیژییەی دەرکرد دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا لە پاکستان شکستی هێنا. ترەمپ هۆکاری شکستی دانوستانەکانی بۆ رەتکردنەوەی ئێران بۆ وازهێنان لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی گەڕاندەوە.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، وەزیرانی ئاسیان داوایان لە ئەمریکا و ئێران کرد بەردەوام بن لە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە کۆتایییەکی هەمیشەیی بۆ ململانێکان و چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. هەروەها داوای جێبەجێکردنی تەواوی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی و کردنەوەی بێ مەرجی گەرووی هورمزیان کرد بۆ هاتوچۆی کەشتی و فڕۆکەکان.
وڵاتانی وەک فلیپین و مالیزیا بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستن کە لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەگوازرێتەوە. بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، نزیکەی 20%ـی بازرگانی نەوتی جیهان بەم گەرووەدا تێپەڕ دەبێت، کە 80%ـی ئەو بڕە بۆ بازاڕەکانی ئاسیا دەچێت.
بەهۆی تێکچوونی دۆخی گواستنەوەی نەوت، وڵاتانی ناوچەکە دەستیان بە رێکاری توند کردووە؛ فلیپین کە سەرۆکایەتی خولی ئێستای ئاسیان دەکات، دەوامی فەرمانبەرانی بۆ چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا کەمکردووەتەوە، هاوکات مالیزیا، تایلەند و ڤێتنام داوایان لە کارمەندانی کەرتی گشتی کردووە لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی سووتەمەنی پاشەکەوت بکەن.