ترەمپ: 158کەشتی ئێرانمان تێكشکاندووە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی تێکشکێنراوە و 158 کەشتییان نقوم کردووە، هاوکات هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد سەبارەت بە هەر هەوڵێک بۆ نزیکبوونەوە لەو گەمارۆ دەریاییەی کە ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی.
سێشەممە 13ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە هێزی دەریایی ئێران "بە تەواوی بسڕنەوە" و ئاماژەی بەوە کرد، 158 کەشتی جەنگیی ئەو وڵاتە تێکشکێنراون. ترەمپ گوتی: "ئەوەی ماوەتەوە تەنیا ژمارەیەکی کەمە لەوەی ئێرانییەکان پێی دەڵێن کەشتی هێرشبەری خێرا، چونکە ئێمە وەک هەڕەشەیەکی جددی تەماشامان نەکردوون."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند: "ئەگەر هەرکام لەم کەشتییانە پێشێلی گەمارۆیە دەریاییەکان، دەستبەجێ لەناو دەبرێن." ترەمپ شێوازی لەناوبردنی ئەو کەشتییانەی بەو سیستەمە شوبهاند کە دژی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە دەریاکاندا بەکاری دەهێنن و گوتی: "ئەو سیستەمە زۆر خێرا و دڕندانەیە."
ترەمپ ئەم سەرکەوتنە سەربازییەی بەستەوە بە هەڵمەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و ئیدیعای ئەوەی کرد کە بەهۆی توندوتۆڵی رێکارە دەریاییەکانیانەوە، "98.2%ـی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە رێگەی ئۆقیانووس و دەریاوە دەهاتنە ناو ئەمریکا، وەستێنراون."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە لوتکە؛ ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوانیان لە پاکستان شکستی هێنا.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، لە ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، بە فەرمی دەست دەکات بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سەرجەم ئەو کەشتیانەی دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێیان دەردەچن، ئەمەش وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ شکستی دانوستانەکان.
سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر 17:00ـی ئەمڕۆ دووشەممە ، هێزەکانیان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو جۆرە کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران.