نیویۆرک تایمز: گەورەترین بنکەی هێزی ئاسمانی ئێران بۆردوومان کراوە

وێنەی مانگی دەستکردی بنکەی ئاسمانی هەڵۆ 44
وێنەی مانگی دەستکردی بنکەی ئاسمانی هەڵۆ 44

وێنە نوێیەکانی مانگە دەستکردەکان ئاشکرای دەکەن، بنکەی ئاسمانیی هەڵۆ 44ـی ئێران، کە یەکێکە لە گرنگترین بنکە سەربازییەکانی ژێر زەوی ئەو وڵاتە، لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و زیانی گەورەی پێگەیشتووە، بە جۆرێک کە فڕۆکە جەنگییەکان لە ناویدا گیریان خواردووە.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، بڵاوی کردەوە، وێنە مانگە دەستکردەکان نیشانی دەدەن بنکەی "هەڵۆ 44" (Oghab 44) لە پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێران، لە مانگی ئاداری رابردوودا کەوتووەتە بەر هێرشی ئاسمانیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام پێشتر ئەم هەواڵە ڕانەگەیاندرابوو.

بەپێی شیکاریی وێنەکان، شوێنەواری چەندین کونی گەورە لە بەردەم دەروازەی ئەو تونێلانەدا دەبینرێت کە دەچنەوە سەر کۆگای فڕۆکەکان لە نێو جەرگەی چیاکەدا. بۆردوومانەکە زیانی بە ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەکان گەیاندووە و هاتوچۆی تێدا پەکخستووە، ئەمەش وایکردووە هەر فڕۆکەیەک لە ناو بنکەکەدا بێت نەتوانێت بێتە دەرەوە و بفڕێت. هەروەها باڵەخانەیەکی تەنیشت بنکەکە کە تایبەت بووە بە کارە بیناسازییەکان، بە تەواوی وێران کراوە.

نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە ئێرانییەکان بۆ رێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەی دوژمن، چەندین کۆمەڵە خۆڵ و بەربەستیان لەسەر رێڕەوی فڕینی بنکەکە داناوە

دروستکردنی بنکەی ئاسمانی "هەڵۆ 44" کە دەکەوێتە دووری 160 کیلۆمەتر لە گەرووی هورمز، لە ناوەڕاستی ساڵی 2013 دەستی پێکردووە و هەشت ساڵ دواتر ڕێڕەوی فڕینی بۆ دروستکراوە.

بنکەی ئاسمانیی هەڵۆ 44 لە ساڵی 2023 تەواوکراوە و خراوەتە خزمەتی هێزەکانی ئێران، لە باشووری ئێران دەکەوێتە سنووری پارێزگای هورمزگان و بە گەورەترین بنکەی ئاسمانی ئێران دادەنرێت، کە  توانای نیشتنەوە و فڕینی چەندین جۆری فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و درۆنی بۆمبڕێژکراوی هەیە، کە بەشێکی زۆری بنکەکە لە ژێر زەوییدایە.

بنکەکە، جیا لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی و فڕۆکەی جەنگی و درۆنی هێرشکردن، ناوەندێکی فراوانی چاککردنەوەی فڕۆکە و ئامێرەکانی کەشتی، کۆگای سووتەمەنی لەخۆ دەگرێت.

وێنەی ئەرشیفکراوی بنکەی ئاسمانی هەڵۆ 44