یەکێتیی ئەوروپا داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز دەکات
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، رایگەیاند کە پەرەسەندنەکانی گەرووی هورمز پێویستییەکی بەپەلەن بۆ دروستکردنی "هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بەهێز بۆ ئاسایشی دەریایی"، و جەختی کردەوە کە یەکێتییەکە هەر هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی ئازادیی هاتوچۆ لە رێڕەوە ئاوییەکاندا رەت دەکاتەوە.
دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، رایگەیاند، ئەو بارودۆخەی ئێستا لە گەرووی هورمزدا دەگوزەرێت، بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوەی کە جیهان پێویستی بە هەماهەنگییەکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاکان.
کالاس ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتیی ئەوروپا پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەر رێکارێک رەت دەکاتەوە کە ببێتە هۆی بەربەست دروستکردن لەبەردەم گەشتی ئازاد و بێ مەترسی لە رێڕەوە ئاوییەکاندا. هەرچەندە ناوبراو بە وردی ئەرکەکانی ئەو هاوپەیمانییە پێشنیازکراوەی دیاری نەکرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی بۆ سەقامگیری جیهان زۆر گرنگە.
ئەم لێدوانەی کالاس لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و واشنتن دەستی بە گەمارۆدانی دەریایی بەندەرەکانی ئێران کردووە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ستراتیژییەکانی وزە لە جیهاندا.
پێشنیازەکەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی، وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی جیهان و رێگریکردن لە زیاتر تێکچوونی باری تەناهی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.