وەزیری دەرەوەی چین: ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر لەرزۆکە

وەزیری دەرەوەی چین، هۆشداری دا لەوەی کە ئاگربەستی ئێستا لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا زۆر لەرزۆکە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد رێگری لە هەر هەنگاوێک بکەن کە ببێتە هۆی هەڵگیرسانەوەی جەنگ یان پەکخستنی ئاشتی.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد ئیسحاقدار، وەزیری دەرەوەی پاکستان تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانیان کردووە.

وانگ یی جەختی کردەوە، ئێستا کاری لەپێشینە دەبێت رێگریکردن بێت لە دەستپێکردنەوەی جەنگ و پاراستنی ئەو ئاگربەستەی کە بە زەحمەت بەدەست هاتووە.

وەزیری دەرەوەی چین داوای لە وڵاتان کرد "بە توندی رووبەڕووی هەر کارێک ببنەوە کە ئاگربەستەکە تێکدەدات یان دەبێتە هۆی زیاتر پەرەسەندنی رووبەڕووبوونەوەکان". 

وانگ یی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پەکین پێشوازی لە رۆڵی زیاتری پاکستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان، جەختیشی کردەوە، چین ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک بەشداری بکات لە گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە و سەقامگیربوونی ناوچەکە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و مەترسیی شکانی ئاگربەستە کاتییەکە لە ئارادایە.

ئەم هەڵوێستەی چین دوای ئەوە دێت کە واشنتن گەمارۆیەکی توندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و گرژییەکان لە گەرووی هورمز گەیشتوونەتە لووتکە، کە ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە دەبینرێت.