ترەمپ: ئێران پەیوەندی پێوە کردووین و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت رێککەوتن بکات

سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد تاران بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرا پەیوەندیی بە واشنتنەوە کردووە، بەڵام جەختی کردەوە مەرجی سەرەکییان رادەستکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوە و رێگریی تەواو لە بوونی ئێران بە خاوەن چەکی ئەتۆمی.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا لەبەردەم کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە "ئەم بەیانییە لە لایەن کەسانی گونجاو و پەیوەندیدارەوە پەیوەندیمان پێوە کراوە، ئەوان دەیانەوێت رێککەوتنێک بکەن." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان "زۆر بە توندی" دەیانەوێت بگەینە ئەنجام و کۆتایی بە ململانێکان بهێنن.

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی تاران و گوتی: "ناکرێت رێگە بدەین وڵاتێک جیهان بدۆشێت یان هەڕەشەیان لێ بکات، ئەوەی ئەوان دەیکەن رێک رووتاندنەوەی جیهانە و ئێمە رێگە نادەین ئەوە بەردەوام بێت."

ترەمپ جارێکی دیکە هێڵە سوورەکانی ئەمریکای دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." سەبارەت بە چارەنووسی ماددە ئەتۆمییەکانیش گوتی: "ئێمە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە وەردەگرینەوە؛ یان ئەوان دەیدەنەوە بە ئێمە، یان خۆمان دەستبەسەریدا دەگرین."

هەروەها لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس)، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، دوێنێ یەکشەممە، 34 کەشتی توانیویانە بەناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن. ترەمپ ئەم ژمارەیەی وەک پێشوەچوونێکی گەورە لە قۆناغی گەمارۆکەدا وەسف کرد و پڕۆسەی داخستنی گەرووەکەی لە لایەن ئێرانەوە بە "داخستنێکی گەمژانە" ناوبرد.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای مەیدانی، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا هیچ شەڕ و پێکدادانێک لە ئارادا نییە، بەڵام گەمارۆیەکی توند بەسەر ئێراندا سەپێنراوە. ترەمپ گوتی: "ئێران ئێستا هیچ جۆرە بازرگانییەک ناکات و ئێمە بەو شێوەیە دەیهێڵینەوە. هێزی دەریایی ئەوانیش نەماوە و لەناوچووە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ وەڵامی رەخنەگرانی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە بەرانبەر بەو کەسانەی دژی سیاسەتەکانی ئەو بوون لە پرسی ئێراندا داوای لێبوردن ناکات، چونکە بە گوتەی ئەو، رێگەدان بە ئێران بۆ بوون بە وڵاتێکی خاوەن ئەتۆم دەبێتە هۆی کوژرانی سەدان ملیۆن کەس.